Zana Natık Kerem
19 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2023
ھەولێر – AA
فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق، فەریقی مافپەروەر محەممەد عەبدولوەھاب لە میانی بەسەرکردنەوە ئەو خاڵە نوێیانەی کە لە زنجیرە چیای حەسارۆست لە سنووری پارێزگای ھەولێر دانراون، ڕایگەیاند کە ھەوڵدەدەن تەواوی سنووریی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کۆنترۆڵ بکەن، ئەوەیش لە ڕێگای دانانی خاڵی نوێ، کامێرای چاودێری.
فەرماندەیی پاسەوانی سنوور سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فەریقی مافپەروەر محەممەد عەبدولوەھاب ھێزەکانی سەربە لیوای دووی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەکی لە ناحیەی سیدەکان سەربە پارێزگای ھەولێر، ھەروەھا ئەو خاڵانەی کە بەم دواییانە لەلایەن ھێزەکانی پاسەوانی سنوور لە سێ گۆشەی عێراق، ئێران و تورکیا دانراون، بەسەرکردووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە میانی بەسەرکردنەوەکەدا، فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق، فەریقی مافپەروەر محەممەد عەبدولوەھاب ڕایگەیاندووە کە ھەوڵدەدەن تەواوی سنووریی عێراق ل لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کۆنترۆڵ بکەن، ئەوەیش لە ڕێگای دانانی خاڵی نوێ، کامێرای چاودێری، بۆ ئەوەی بتوانن لەو ڕێگایەوە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی درواسێ بپارێزن.
ئەمەیش لە کاتێدایە، ئەمڕۆ ١٩ی ئەیلوول ٢٠٢٣، مۆڵەتەکەی ئێران کە پێشتر بۆ چەککردنی حزبە دژبەرە کوردییەکانی ئێران لە ھەرێم دیاری کردبوو، کۆتایی ھات.
لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێران واژوو کرا کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی بە نوێنەرایەتیی عێراق و سکرتێری گشتیی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، عەلی شەمخانی بە نوێنەرایەتیی ئێران واژوویان کرد.
یەکێک لە خاڵەکانی نێو رێککەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، تایبەتە بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ئەیلوول ھێزێکی پاسەوانی سنوور ڕەوانەی گەرووی زینی وەرتێ لە ناحیەی سیدەکان سەر بە پارێزگای ھەولێر کرا، بەڵام لە لایەن تیرۆریستانی پەکەکە کە لە ناوچەکەدا بوونییان ھەیە، ڕێگری لە جێگربوونی ھێزەکە کرا و بەمھۆیەوە ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان ھەردوولا ڕوویدابوو.
ھاوکات ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە فەرماندەیی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور ڕایگەیاندبوو کە لەچوارچێوەی ھەوڵەکانیانیدا بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی سنووری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ھێزێکی سەربە لیوای ناوچەی سنووری دوو و فەوجی کۆماندۆی ناوچەی سنووری یەک بە پاڵپشتی ھێزەکانی پێشمەرگە توانیویانە خاڵە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران کۆنترۆڵ بکەن.
دوێنێ دووشەممە وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم، ڕێبەر ئەحمەد و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی بە ئامادەبوونی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جینین ھێنیس پلاسخارت لە ھەولێر کۆبوونەوە و لە میانیدا ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێرانیان تاوتوێ کرد، میکانیزمی ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێرانیان تاوتوێ کرد.