Hemn Baban
25 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2019
ھەولێر - AA
ھاوپەیمانی نەسر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە رادەست نەکردنەوەی داھاتەکانی نەوت لە لایەن ھەرێمەوە پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ و یاسای بوودجەیە.
ھاوپەیمانی نەسر کە لە لایەن سەرۆکوەزیرانی پێشوو، حەیدەر عەبادی-یەوە سەرکردایەتی دەکرێت و خاوەنی ٤٢ کورسییە لە کۆی ٣٢٩ی کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا رەخنەی لە حکوومەتی عێراق گرت لەوەی ناوی ناوە "پێشێلکردنی یاسایی" بۆ یاسای بوودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٩ بەتایبەت لە بابەتی پەیوەست بە"رێگرییکردنی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان لە رادەستکردنی داھاتەکانی نەوت بە دەسەڵاتی ناوەندی".
لەو راگەیەنراوەدا ئەوەش ھاتووە "دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان مەرجیان بۆ رادەستکردنی داھاتەکانی نەوت ئەوەیە بەغدا قەرزەکانی سەر ھەرێمیان بۆ بداتەوە ئەوەش پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای بوودجەیە کە لە بنەڕەتدا لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانە".
ھاوپەیمانی نەسر ھەروەھا پێشی وایە سامانی نیشتمانی و سەروەریی دەوڵەت و مافی گەل بە عەرەب و کورد و تورکمان و سەرجەم پێکھاتەکانییەوە موڵکی دەسەڵاتە خۆجێی و ناوەندییەکان نییە بۆ ئەوەی ئەوەی بیانەوێت بیکەن وەک لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، چونکە ئەوەی بە پێچەوانەی بەرپرسیارێتی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و دەوڵەت ناوھێناوە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەیدا کە ئەمڕۆ ٢٥ی حوزەیران بڵاویکردووەتەوە، ھاوپەیمانی نەسر باسی لەوەش کردووە بەردەوامیی پێشێلکارییەکان و پاشەکشێ و لاوازیی حکوومەت وا لە ھاوپەیمانێتییەکە دەکات ئۆپۆزسیۆنبوونی تەواوەتیی لە حکوومەت رابگەیەنێت و داوای ھەڵوەشانەوەی بکات و حکوومەتێکی نوێ پێکبھێنرێت کە توانای ھەستان بە بەجێ گەیاندنی بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانی ھەبێت.