AA
26 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2019
بەغدا ـ AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ سعوودیە و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، دۆخی ناوچەکەی بە سەخت و ئاڵۆز ناوبرد، بەڵام لە ھەمانکاتدا گەشبینی خۆی نیشاندا بەچارەسەرکردنی ئەو دۆخە.
عەبدولمەھدی لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ دوای کۆتایھاتنی سەردانەکەی بۆ سعوودیە بڵاوکراوەتەوە، تیایدا ئاماژەی کردووە بەوەی کە ئامانجی سەردانەکەی بۆ ئەو وڵاتە بەبۆنەی یادی نیشتمانی سعوودیەوە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە باس لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات کراوە کە بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆوە دەبینێت، ھەروەھا تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و ھەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و دوورخستنەوەی مەترسی سەرھەڵدانی ھەر گرژی و ئاڵۆزی و پێکدادانێک ئامانجێکی تری سەردانەکەی بووە.
عەبدولمەھدی رایگەیاندووە "کۆبوونەوە و گفتوگۆکانمان چڕ و قووڵ و راشکاوانە و راستەوخۆ بوو، ھەروەھا باسمان لە چۆنێتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات بەتایبەت لە بوارەکانی نەوت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی کرد، جگە لە باسکردنی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و رێگریکردن لە سەرھەڵدانی جەنگ تیایدا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق گەشبینی خۆی نیشانداوە لە چارەسەرکردنی دۆخەکە و ھەوڵدان بۆ رەواندنەوەی مەترسییەکان، لەو بارەیەوە رایگەیاندووە "ھەمووان جەنگیان ناوێت و لەگەڵ ئاساییکردنەوەی دۆخەکەدان".
عەبدولمەھدی لە بەیاننامەکەیدا ھەرچەندە دۆخی ئێستای ناوچەکە بە سەخت و ئاڵۆز ناودەبات، بەڵام جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستی دان بەخۆداگرتن و ئارامی و ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی کلیلی کێشەکان و رێگاچارەیەک کە خواستی ھەمووانی لەسەر بێت.