Hamit Hüseyin
25 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2019
ھەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک پێشوازیکرد لە سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، جۆیوزێپێ کۆنتێ.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرکۆماری عێراق بڵاویکردەوە کە لە میانی دیدارێکدا سەرکۆماری عێراق ئاماژەی بەخواستی عێراق کردووە بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکی بەھێز و فراوان لەگەڵ ئیتاڵیا و یەکێتیی ئەورووپا بە شێوەیەکی گشتی، ھەروەھا دووپاتی لە گرنگی بەردەوامی ھەماھەنگی و راوێژکردن لە نێوان ھەردوو وڵات کردووەتەوە لە بارەی پرسە جیاجیاکان، بەجۆرێک کە سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا بھێنێتە کایەوە.
ھەر لە میانی دیدارەکەدا باس لە دۆخی ناوچەکە و جیھان و پرسە ھاوبەشەکان و چۆنیەتی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کراوە.