Heman Hussein Yaseen
30 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2020
ههولێر - AA
بە مەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەژێر رۆشنایی بەیانی ژمارە ٤٤ی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاردرا کە نوێژی ھەینی ئەنجام نەدرێت.
بەڕێوەبەری ئیرشادی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەرێمی کوردستان، شێخ ئیبراھیم بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: ''ئەم جەژنە بەھۆی پەتای کۆروناوە، ھەموو دەزانین کە جەژنێکی تایبەتە لە زۆر رووەوە بۆ نموونە نەتوانرا حەج بۆ موسڵمانانی دەرەوەی وڵاتی عەرەبستانی سعودیە ئەنجام بدرێت و دەرگای زۆربەی مزگەوتە بەناوبانگەکانی جیھانی ئیسلامییش تا ئێستا بەداخراوی ماوەتەوە لەوانە مزگەوتی حەرام کە نوێژی ھەینی و جەژنیان تێدا ئەنجام نادرێت''.
شێخ ئیبراھیم بەرزنجی گوتیشی: ''لەعێراقیشدا کە تا ئێستا ئێمەیش بەشێکین لەو وڵاتە، مزگەوتەکان لە مانگی ئادارەوە داخراون تا دوای جەژنی قوربانیش بە داخراوی دەمێننەوە، بۆ ماوەی ١٠ رۆژیش قەدەغەی ھاتوچۆ راگەیاەنراوە بێ گومان بە رۆژانی جەژنیشەوە، ھەروەھا لە شارێکی وەک مووسڵ کە لە رووی دانیشتووانەوە نزیکەی سێ ملیۆن کەسن مزگەوتەکان ھەر بەداخراوی ماونەتەوە، لە کوردستانیشدا بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی ژمارەیەکی دیار لە تووشبووان بەم پەتایە ھەیە و ژمارەیەکی دیکەش گیانیان لە دەستداوە بەھۆی ئەم پەتایەوە''.
بەڕێوەبەری ئیرشادی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەرێمی کوردستان، شێخ ئیبراھیم بەرزنجی راشیگەیاند کە ئاماژە بە بەیانی ژمارە ٤٤ بەرواری ٢٢-٧ -٢٠٢٠ لێژنەی باڵای بەرەنگاربونەوی کۆرۆنا بە ئامادەبوونی سەرجەم پارێزگارەكانی ھەرێم لە خاڵی ١٩ بڕیاریداوه کە نوێژی ھەینی و جەژن ئەنجام نەدرێت، ئەمەش بەپشتبەستن بە رێنماییە تەندروستییەکان بۆ پاراستنی گیانی ھاونیشتمانیان، بەڵام لە ھەمانکاتدا ئەوەی کەجێگای خۆشحاڵیمان بوو، ئەوە بوو کە بڕیاردرا بە کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان بۆ ئەنجامدانی ھەر پێنچ نوێژە فەرزەکان''.
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، شێخ ئیبراھیم بەرزنجی گوتیشی: ''ئێمە لەکاتێکدا کە رۆڵی مامۆستایانی ئایینی لەم قۆناغەدا بەرز دەنرخێنین، داوایان لێ دەکەین لەڕوانگەی ھەستکردن بەبەرپرسیارییەتییەوە لەبەرامبەر خوای گەورە و، پاشان لە بەرامبەر بڕیار و رێنماییەکانی حکوومەت و یاسا بەرکارەکاندا، کە پابەند بن بە بریارەکانی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆروناوە، چونکە ھەر سەرپێچیەک لەو بڕیارانە بەرپرسیارێتی تێدایە''.