Zana Natık Kerem
28 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2023
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند کە تیرۆریستێکی داعش لە باکووری قەزای سامەڕا سەربە پارێزگای سەڵاحەددین، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق، تیرۆریستانی داعش ھەوڵیانداوە پەلاماری خاڵێکی ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی بدەن لە ناوچەی قادرییە باکووری قەزای سامەڕا، بەڵام ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی بەرپەرچی پەلامارەکەی داعشیان داوەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیشدراوە کە لە میانی بەرپەرچدانەوەی پەلامارەکەدا، تیرۆريستێکی داعش کوژراوە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕاشیگەیاندووە کە دوای پەلامارەکە، ھێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی پەلامارەکە لە ناوچەکە دەست پێ کردووە کە تا ئێستا بەردەوامە.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگای پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی بۆسەر ھێزە ئەمنییەکان و ھاووڵاتییان ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.