Heman Hussein Yaseen
16 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2023
هەولێر - AA
ئەمڕۆ نەوەی سێیەمی پاسپۆڕتی عێراقی کە پێی دەگوترێت پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنیی کەوتە خزمەت هاووڵاتییانەوە لە پارێزگای هەولێر و یەکەم مامەڵەش لە ماوەی نیو کاتژمێردا تەواو کرا.

لە تایبەتمەندییەکانی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنیی، کاتێک هاووڵاتی گەشت دەکات ئەوا لە فڕۆکەخانەکان بە دەرگای ئەلیکترۆنییدا دەچێتە ژوورەوە و پێویست ناکات بەو دەرگایانەدا بچێتە ژوورەوە کە ئەفسەری پاسپۆڕتی لێیە و پشکنین بۆ پاسپۆڕتەکە دەکات.

ژمارەیەک جیاوازی لەنێوان پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی و پاسپۆڕتی پیتی "G" هەیە، بۆ نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنیی، پێویستە هاووڵاتیی کارتی نیشتمانیی هەبێت، هەروەها هەژماری بانکییشی هەبێت بۆ دانی رسومات، رسوماتی پاسپۆرتی پیتی "G" بڕەکەی ٢٥ هەزار دینارە و رسوماتی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنیی بڕەکەی ٩١ هەزار دینارە، هاوکات ماوەی بەسەرچوونی پاسپۆڕتی پیتی "G" هەشت ساڵە، بەڵام بۆ پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنیی ١٠ ساڵە، ئەمە جگە لە رێکارەکانی گەشتکردن کە بۆ پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنیی کۆمەڵێک ئاسانکاری تیادایە.
پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو لە میانی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕتی هەولێر/یەک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا تیشکی خستەسەر شێواز و چۆنییەتی نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنیی و گوتی: "دوای ئەوەی لە بەغدا وەک یەکەم شار لە ئاستی عێراق دەست بە دەرهێنانی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنیی کرا، ئەمڕۆش هەولێر وەک دووەم شار لەسەر ئاستی عێراق و یەکەم شار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەست بە دەرهێنانی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی دەکرێت، ئەو پاسپۆڕتە نەوەی سێیەمی پاسپۆڕتی عێراقییە، کوالێتییەکی زۆر بەرزی هەیە، رێگریی دەکات لە هەموو جۆرە ساختەکارییەک، هەروەها ئەم جۆرە پاسپۆڕتە دانپێدانراوە لەلایەن رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتییەوە، هەڵگری ئەم پاسپۆڕتە کۆمەڵێک رێکاری نێو فڕۆکەخانەکانی لە کۆڵ دەبێتەوە، دەتوانێت بە دەرگای ئەلیکترۆنییدا هاتوچۆ بکات".
گوتیشی: "ئەمڕۆ لەماوەی نیو کاتژمێردا، یەکەم هاووڵاتیی مامەڵەکەی رایی کرا و پاسپۆڕتەکەی وەرگرتەوە، رەنگە لە داهاتوودا کەمێک فشار بکەوێتە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆڕت، بەڵام هەوڵی زۆردراوە بۆ ئەوەی جەنجاڵی دروست نەبێت".
لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانیی و پاسپۆڕت و نشینگەی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لیوا سەڵاح مەهدی رایگەیاند کە ئەم پاسپۆڕتە تایبەتمەندی ئاسایشیی و تەکنەلۆجیایی بەرزی تیادایە و ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتییان لە کاتی گەشتکردندا.
سەڵاح مەهدی گوتی: "ئەمڕۆ یەکێک لە خزمەتگوزارییەکانی پێدانی پاسپۆڕتی ئەلیکتڕۆنیمان کردەوە کە بەڵگەنامەیەکی فەرمییە لە جیهاندا و تایبەتمەندی ئەمنیی و تەکنەلۆجیایی بەرزی تیادایە و ساختەکردنی ئەستەمە، بڕیاریشدراوە لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئەم خزمەتگوزارییە بەردەست بێت لە داهاتوویەکی نزیکدا".
هەروەها بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕتی هەولێر/یەک، عەقید مەریوان عەبدولسەلام محەمەد ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە هاووڵاتیی خاوەنی کارتی نیشتمانیی و هەژماری بانکیی بێت بۆ ئەوەی بتوانێت پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنیی وەرگرێت.
مەریوان عەبدولسەلام محەمەد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم پاسپۆڕتە ئیشوکارەکانمان بۆ ئاسان دەکات، بۆ نموونە لە فڕۆکەخانەکانی وڵاتان دەرگای ئەلیکترۆنیی هەیە، لەم حاڵەتەدا پێویست ناکات هاووڵاتی بچێتە لای ئەفسەری پاسپۆڕت و رێکارەکان ئەنجام بدات و بۆ ئەم بابەتە وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتان کردووە و نووسراوی فەرمیی ناردووە".
گوتیشی: "لە قۆناغی سەرەتادا ئەوانەی پاسپۆڕتیان بەسەرچووە دەتوانن بێن مامەڵەکانیان دەست پێ بکەن بۆ وەرگرتنی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنیی و لە داهاتووشدا خزمەتگوزارییەکە بەشێوەیەکی فراوانتر بەردەست دەبێت".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕتی هەولێر/یەک، عەقید مەریوان عەبدولسەلام محەمەد ئاماژەی بەوەیش کرد کە یەکێک لە مەرجەکانی وەرگرتنی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنیی، دەبێت هاووڵاتیی خاوەنی کارتی نیشتمانیی بێت، هەروەها پێویستە هەژماری بانکیی هەبێت بۆ دانی رسومات.