Zana Natık Kerem
16 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی کە لەبارەی سووکایەتیکردن بە محەمەد سادق سەدر ئاراستەی ژمارەیەک سەرکردەی حزبی دەعوە و ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کراوە رایگەیاند کە سووکاتیکردن بە سەدرییەکان و سەرجەم مەرجەعە ئایینییەکان رەت دەکەنەوە.
نوری مالیکی لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە لەبارەی سووکایەتیکردن بە محەمەد سادق سەدر ئاراستەی ژمارەیەک سەرکردەی حزبی دەعوە و ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کراون.
سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی رایگەیاندووە "بەلامانەوە سەیرە کە گوێبیستی بانگەشەی ژمارەیەک لە برایانی رەوتی سەدر، بەتایبەتی سەرکردەکانیان بووین کە حزبی دەعوەی ئیسلامی و ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایان تۆمەتبار کردووە بەوەی سووکاتییان بە محەمەد سادق سەدر کردووە، بۆیە لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە ھەر سووکاتییەک بە محەمەد سەدر و سەرجەم مەرجەعە ئایینییەکان بکرێت، رەتی دەکەینەوە".
نوری مالیکی لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەیش کردوو کە تۆمەتبارکردنی حزبی دەعوە بە سووکایەتیکردن بە محەمەد سادق سەدر و ھەڵکوتانە سەر بارەگاکانی حزبی دەعوە لە ژمارەیەک پارێزگا، بووەتە مایەی دڵخۆشبوونی دوژمنانی عێراق و دوژمنانی قوتابخانەی سەدر و رایگەیاندووە "داوا لە سەدرییەکان دەکەم کە ئاگاداری پیلانی دوژمنان بن، چونکە ھەوڵی نانەوەی دووبەرەکیی دەدەن لەنێوان مەزهەبەکاندا".
سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھەروەھا داوای لە حکوومەت و ھێزە ئەمنییەکان کردووە کە ئەرکەکانیان لە پاراستنی بارەگای پارتەکان بە باشی جێبەجێ بکەن و رێگا نەدەن ھێرش بکرێتە سەر بارەگای پارتەکان.
پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەوە بڵاوکرابووەیەوە کە شەوی رابردوو لایەنگرانی رەوتی سەدر لە ژمارەیەک پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق ھەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگاکانی حزبی دەعوە و دایانخستوون، ئەمەیش دوای ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر دەنگۆی ئەوە بڵاوکرابووەیەوە کە ژمارەیەک سەرکردە لە حزبی دەعوە و ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سووکایەتییان بە محەمەد سادق سەدر باوکی موقتەدا سەدر کردووە و بەوە تۆمەتباریان کردووە کە پەیوەندی لەگەڵ رژێمی بەعسی پێشوو هەبووە.