Arif Yusuf,Hamdi Yıldız
25 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2019
بەغدا ــ AA
سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح رایگەیاند كە عێراق خۆی بەرپرسە لە پاراستنی خاك و سەروەرییەكەی، هاوكات سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی كە پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ عێراق باش و درێژخایەنە.
بەرهەم ئەحمەد ساڵح و دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی خولی ٧٤ەمینی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك كۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق سەرەتا لە كۆبوونەوەكەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات خراوەتە بەر باس.
لە كۆبوونەوەكەدا سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح راگەیاند کە عێراق سەركەوتنێكی مەزنی بەسەر تیرۆریستاندا تۆماركردووە و گوتی: "لەئێستادا هەوڵەكانمان بۆ دووبارە بیناتنانەوە و ئاوەدانكردنەوە خستووەتەگەڕ".
بەرهەم ئەحمەد ساڵح گوتیشی: "عێراق خۆی بەرپرسە لە پاراستنی خاك و سەروەرییەكەی".
لای خۆیەوە سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند كە لەناوبردنی داعش دەستكەوتێكی گەورەییە.
دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق، ئاماژەی بەوە كردووە كە پەیوەندی وڵاتەكەی لەگەڵ عێراق باش و درێژخایەنە.