Heman Hussein Yaseen
01 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2021
هەولێر - AA
بەبۆنەی رۆژی جیھانی کرێکارانەوە، ھەریەک لە حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ھاووڵاتییان گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم پارکی شانەدەر ئەنجامدا.
لە گردبوونەوەکەدا، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، کاوە مەحموود گوتی: "لە ھەلومەرجێکی ئێجگار دژواری جیھانی ئەمڕۆ کە قەیرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری ھاوچەرخ لەسەر ئاستی ناوەندەکانی سەرمایەداری وڵاتە سەرمایەدارە وابەستەکان قوڵتردەبێتەوە و، رێژەی ھەژاری لە ئاستی جیھاندا لە زیادبووندایە و بێکاری فراوانتر دەبێت و، سیستەمی تەندروستیش جیھانی دووچاری داڕمان کردووەتەوە و لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر گەلانی چەوساوە و خەڵکی زەحمەتکێش قوڕستر دەبێت و ھەژاران ھەژارتر دەبن و کۆمپانیاکانی سەرمایەداری دارایی دەست بەسەر ئابووری جیھاندا دەگرێت و لەم ھەلومەرجە جیھانییەدا چینی کرێکاران و رەنجدەران یادی رۆژی جیھانی کرێکاران دەکەنەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سکرتیری حزبی شیوعی کوردستان کاوە مەحموود گوتیشی: "ئەمڕۆ لە کوردستان سەرەڕای ئەو بابەتانەی کە پەیوەندی بە مەسەلەی نیشتمانیی کوردستانی ھەیە و چینی کرێکاری کوردستان و رەنجدەرانی بیروبازوو، خۆیان بە بەرپرس لەسەر ئەو مافە دەزانن و ھەردەم لە ریزی سەنگەری پێشەوەی خەبات بوونە، ھەر بۆیەش لەم رۆژەدا جەخت دەکەینەوە کە پەرلەمان و حکوومەتی کوردستان بەپە لە دانانی تێکڕای ئەو یاسایانە بکات کە مافی کرێکاران و بیمەی کۆمەڵایەتی و بیمەی تەندروستی بۆ خەڵک دابین دەکات و مافی ئازادیی و فرەیی کاری سەندیکایی لە چوارچێوەی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ بەھێزکردنی خەباتی کرێکاری مسۆگەر بکات و کۆتایی بە لێبڕینی مووچە بھێنێت و کار بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە بکاتەوە کە دووچاری خەڵکی زەحمەتکێش بووەتەوە لەسەرووی ھەمووشیانەوە پێدانەوەی پاشەکەوتی مووچە".
سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە چاو بە گرێبەستە نەوتییەکان بخشێندرێتەوە و گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئابووری ھەرێمی کوردستان بکرێت، ھاوکات ئەوەیشی خستەڕوو کە پێویستە دەروازە سنوورییەکان کۆنتڕۆڵ بکرێت و سنوورێک بۆ بە سیاسەتی بە تایبەتکردنی کەرتی تەندروستی و خوێندن و وزە و خزمەتگوزارییەکان دابندرێت و چاکسازی راستەقینە بکرێت کە رێگا لە گەندەڵی دارایی و کارگێڕی و دەست بەسەرداگرتنی بازاڕی وڵات لەلایەن سەرمایەدارانی مشەخۆر و بیرۆکرات بگیرێت چونکە تێکڕای ئەو بارودۆخەبە شێوەیەکی نەرێنی کاری کردووەتە سەرمەسەلەی نیشتمانیی".
یەکی ئایار کە لە خەباتی جیھانی کرێکارانەوە لە پێناو دانانی پێوانەیەکی ھاوبەش بۆ ماوەی کارکردنی رۆژانە سەریھەڵداوە لە چەندین وڵاتی جیھان وەک رۆژی جیھانیی کرێکاران و جەژنی کرێکاران، یاد دەکرێتەوە.