Zana Natık Kerem
01 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2021
ھەولێر ــ AA
لە ئاکامی تەقینەوەیەک لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق، دوو ئەفسەری سوپا کوژران.
ئەفسەرێک لە سوپای عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندووە کە بۆمبێکی چێنراو لە ناوچەی عەکاشات سەربە قەزای قائیم رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار بە ھێزەکانی سوپادا تەقیوەتەوە.
بە گوتەی ئەفسەرەکە لە ئاکامی تەقینەوەکەدا، دوو ئەفسەری سوپا کوژراون و ئاماژەی بەوەیشداوە، تەقینەوەکە لەو کاتەدا روویداوە کە ھێزەکانی سوپا لە ئەرکدابوون لە ناوچەکەدا.
تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە رانەگەیاندووە، بەڵام ئەفسەرەکە باسی لەوەکرد کە گومان دەکرێت، تیرۆریستانی داعش، تەقینەوەکەیان ئەنجام دابێت.
ئەم پێشھاتەیش دوای ئەوە زنجیرەیەک ھێرشی داعش و تەقینەوە دێت کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق ئەنجامدراون.
درەنگانی شەوی رابردوو، تیرۆریستانی داعش ھێرشیانکردبووە سەر خاڵێکی ھێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری شارۆچکەی پردێ سەربە پارێزگای کەرکووک و لە ئاکامدا، سێ پێشمەرگە شەھید و دووی دیکەش برینداربوون.
پێشتر سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک رایگەیاندبوو کە تیرۆریستانی داعش ھێرشیانکردووەتە ژمارەیەک خاڵی ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی لە ناحیەی ریاز و قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک و لە ئاکامدا، دوو پۆلیسی فیدراڵیی کوژراون و دووی دیکەیش برینداربوون.
جگە لەوەش شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش ھێرشیانکردبووە سەر کاروانێکی ھێزەکانی پۆلیس لە قەزای داقوق باشووری پارێزگای کەرکووک و لە ئاکامدا، یەک پۆلیس کوژراو و پێنجی دیکەیش برینداربوون.
ھەروەھا درەنگانی شەوی رابردوو، بۆمبێکی چێنراو لە قەزای تارمییە باکووری بەغدا بە ھێزەکانی سوپای عێراقدا تەقیبووە و بەھۆیەوە، چوار سەرباز کوژران.
بەو پێیە ژمارە قوربانیان لە هێزەکانی پێشمەرگە، پۆلیس و سوپای عێراقی لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بۆ ١٢ کوژرا و دە بریندار بەرز بووەتەوە.