Zana Natık Kerem
01 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 01 مای,س 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح رایگەیاند کە گرنگە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ھێزە ئەمنییەکان پتەوتر بکرێت، بە ئامانجی ریشەکێشکردنی تیرۆریستانی داعش.
بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر سەبارەت بەدوایین پێشھاتەکانی ئەمنی عێراق نووسیوویەتی:" ئەمڕۆ خوێنی پێشمەرگە، سوپا و حەشدی شەعبی لە میانی بەرپەرچدانەوەی ھەوڵی تیرۆریستان بۆ بەئامانجکردنی ئاسایشمان، تێکەڵ بوو".
ھەروەھا نووسیوویەتی:"گرنگە ریزەکانمان یەک بخەین بۆ پاڵپشتیکردن لە دەوڵەت و ھێزە ئەمنییەکان، جگە لەوەیش نابێت مەترسی و ھەڕەشەکانی داعش بە کەم سەیر بکرێت.
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح راشیگەیاندووە کە گرنگە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ھێزە ئەمنییەکان پتەوتر بکرێت، بە ئامانجی ریشەکێشکردنی تیرۆریستانی داعش لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق.
ئەم پێشھاتەیش دوای زنجیرەیەک ھێرشی داعش و تەقینەوە دێت کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق ئەنجامدراون.
درەنگانی شەوی رابردوو، تیرۆریستانی داعش ھێرشیانکردبووە سەر خاڵێکی ھێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری شارۆچکەی پردێ سەربە پارێزگای کەرکووک و لە ئاکامدا، سێ پێشمەرگە شەھید و دوو پێشمەرگەش برینداربوون.
پێشتر سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک رایگەیاندبوو کە تیرۆریستانی داعش ھێرشیانکردووەتە ژمارەیەک خاڵی ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی لە ناحیەی ریاز و قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک و لە ئاکامدا، دوو پۆلیسی فیدراڵیی کوژراون و دووی دیکەیش برینداربوون.
جگە لەوەش شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش ھێرشیانکردبووە سەر کاروانێکی ھێزەکانی پۆلیس لە قەزای داقوق باشووری پارێزگای کەرکووک و لە ئاکامدا، یەک پۆلیس کوژراو و پێنجی دیکەیش برینداربوون.
ھەروەھا درەنگانی شەوی رابردوو، بۆمبێکی چێنراو لە قەزای تارمییە باکووری بەغدا بە ھێزەکانی سوپای عێراقدا تەقیبووە و بەھۆیەوە، سێ ئەفسەری سوپا و سێ سەرباز کوژران و چوار سەربازی دیکەیش برینداربوون.
ئەمڕۆ شەممەیش لە ئاکامی تەقینەوەیەک لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق، دوو ئەفسەری سوپا کوژران.