Aişe Hümeyra Bulovalı
26 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2020
ئیستانبوڵ – AA
کارەکانی ئەندامانی لیژنەی ھەڵسەنگاندنی "Istanbul Photo Awards 2020" پێشبڕکێی فۆتۆگرافی نێودەوڵەتی ئەمساڵ کە شەشەمین جارە لەلایەن ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوە دەچێت، تەواو بوو.
تیمی تەکنەلۆژیای زانیاری ئاژانسی ئانادۆڵو بەمەبەستی پێشبڕکێکە بە شێوەیەکی تایبەت و بۆ ھەڵبژاردنی فۆتۆگرافە ھەرە باشەکان لە رێگای ئۆنلاینەوە پلاتفۆرمێکی ئامادە کردووە. ئەندامانی لیژنەی ھەڵسەنگاندن لە رێگای ئەم پلاتفۆرمەوە کارەکانیان ئەنجام دەدەن و لە دوای دوو رۆژ لە دانیشتن لەسەر ئەو بابەتە، فۆتۆگرافە ھەڵبژێردراوەکان دیاری دەکەن.

ئەندامانی لێژنەکە لە کەسایەتییە دیار و بەناوبانگەکانی جیھانی فۆتۆگرافەری پێکدێت لەوانەش: پەیامنێری فۆتۆگرافەری ئاژانسی نوور، یوری کۆڤیرەڤ و بەڕێوەبەری پەخشی دیجیتالی پاریس مەچ، ماریۆن مارتینێس و سەرپەرشتیاری دابەشکردنی فۆتۆ و بەرەوپێشبردنی کارەکانی ئاژانسی ئەسۆشێتید پرێس، مایکل سکۆتۆ و پەیامنێری فۆتۆگرافەر و نووسەر، دێبۆرا چۆپاکین و پەیامنێری فۆتۆگرافەر و راوێژکاری میدیایی بینراو، دێ کێریل و پەیامنێری فۆتۆگرافەری سەرەکی گێتی ئیمەبجس سپۆر، کامیرۆن سپێنسەر و پەیامنێری فۆتۆگرافەر، ئەحمەد سال و بەرێوەبەری پەخشی ھەواڵی بینراوی ئاژانسی ئانادۆڵو، حەسەن ئیماز و ئیدیتەری فۆتۆی ئاژانسی ئانادۆڵو، فورات یوردەکول لەخۆدەگرێ.

ئەو شاکارانەی کە خەڵاتیان پێدراوە، زیاتر لە ١٠٠ وڵات لە ژێر چوار کۆمەڵەی سەرەکی نێردراون و زیاتر لە ١٠ ھەزار فۆتۆ لەخۆدەگرێت.
براوەکان لە رێککەوتی ٣٠ی حوزەیران ئاشکرا دەکرێن و ئەو فۆتۆیانەی خەڵاتیان پێدراوە لە ماڵپەری www.istanbulphotoawards.com web بەردەست دەبێت.
ئەندامانی لێژنە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی لەسەر ئەو ھەنگاوانەی ھاوێژراون لەمەڕ بەڕێوەبردنی پێشبرکێکە لە چوارچێوەی پابەندبوون بە رێککارەکانی خۆپارێزی لە پەتاکە و بۆچوونی خۆیان لەبارەی ئەو چالاکییە خستەڕوو.
مایکل سکۆتۆ پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی رێکخەرانی پێشبرکێکە کرد بەوەی کە لە ھەلومەرجی جیاوازی ئەمساڵ چالاکییەکە بە بێ کێشە بەڕێوەچووە.

کامیرۆن سپێنسەر رایگەیاند کە لە شەش وڵاتی جیاوازەوە پەخشی راستەوخۆ وەرگیراوە و کارەکان زۆر بە باشی رێکخراوە و بەڕێوەبردراوە.
لەلایەکی دیکەش، جۆرجێس دی کییرل جەختی لەوە کردەوە کە ئەو تەکنۆلۆجیایانەی بەکارھاتووە لە ئاستی بەرز بوون، ھاوکات ماریۆن مارتینێس باسی لە ئاسانی بەکارھێنانی پلاتفۆرمەکەی کرد.
ئەو پێشبرکێیە بە سپۆنسەری ھێڵی ئاسمانی تورک لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ تا ١٥ شوباتی ٢٠٢٠ کراوە بوو بۆ قبوڵکردنی داواکارییەکان.