Heman Hussein Yaseen
20 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2023
هەولێر - AA
ئێوارەی ٢٠ی ئاداری ھەموو ساڵێک، قەزای ئاکرێ بە دیمەنێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش پێشوازی لە بەھار و نەورۆز دەکات و ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی خۆبەخشی قەزاکە چەند رێوڕەسمێک ئەنجام دەدەن.
نەورۆز لە قەزای ئاکرێ تایبەتمەندی جیاوازی ھەیە و لە ھەموو شوێنەکانی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی جەژنی نەورۆز خەڵک بە خۆشی و بە جلی کوردییەوە سەردانی ئەم شوێنە دەکەن و ئێوارەی ٢٠ی ئادار بە کۆمەڵ بە پێ و بە مەشخەڵی ئاگرەوە بە ھەزاران کەس لە گەنج بەسەر چیای سەرێ ئاکرێ سەردەکەون و دیمەنێکی ناوازە و تایبەت بە قەزاکە دەبەخشن.
ھەموو ئەو گەنجە خۆبەخشانەی کە مەشخەڵەکە ھەڵدەگرن دەبێت دەستی دارەکە بگرن و مەودای نێوان ھەر دوو کەسێکیش لە دوومەتر کەمتر نەبێت بۆ ئەوەی پڕیشکی ئاگرەکەی بەر نەکەوێت.
ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو جگە لە ھەڵکردنی مەشخەڵ و سەرکەوتن بەسەر چیای سەرێ ئاکرێ دا، لە چەندین ناوچەی بەرزی قەزاکەوە تیشکی رووناکی گەورە ھەبوو کە وێنەی بارزانی نەمری لەسەر نەخشێنرابوو.
بەپێی پیشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری ئاکرێ ئەمساڵ زیاتر لە ١٠٠ ھەزار ھاووڵاتیی بەشداری لە رێوڕەسمەکە دەکەن و تیاییدا دوو ھەزار و ٥٠٠ مەشخەڵی ئاگر ھەڵکراوە.
قەزای ئاکرێ سەر بە پارێزگای دھۆکە و شارەکە لە نێوان چیاکانی سەرێ ئاکرێ، کەلاکەڤنێ و تیشێ-دایە، خانووەکانی لەسەر یەک بەداوێنی شاخەکاندا ھەڵچوون، ئەمە دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی بە شارەکە بەخشیووە و لە نەورۆزیشدا جوانتر دەردەکەوێت.
نەورۆز بە مانای نەمانی سەرما و سۆڵە و ژیانەوەی سرووشت و بە یەکەم رۆژی بەھار دادەنرێت.