27 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2022
دهۆك-AA
به به‌شدارىی ژمارەیەک قورئانخوێنى ناوخۆيى و جيهانى، ئۆفیسی دهۆکی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان، سێيهمين فێستيڤاڵى نێوده‌وڵه‌تیی دهۆك بۆ قۆرئانى پيرۆزی ئه‌نجامدا كه زياتر له هه‌زار كه‌س تیایدا به‌شداربوون.
قورئانخوێن، محه‌مه‌د جه‌مال كه ناسراوه به (شهوكه) باسى له‌وه‌كرد كه يه‌كه‌مين جاره به‌شدار ده‌بێت له فێستيڤاڵێكى وا گه‌وره‌ى خوێندنه‌وه‌ى قورئان، ئەو بۆ ئاژانسى ئانادۆلو گوتى: "من له توركيا له بۆنه‌كاندا به تيلاوه قورئان ده‌خوێنم، چه‌ندين ئايهتى قورئانم له‌به‌ركردووه، دڵم زۆر شاد بوو كاتێك ده‌بينم ئه‌م هه‌موو خه‌ڵكه ئاماده ده‌بووه و گوێیان له ده‌نگمان ده‌بێت، ئه‌مه ده‌بێت له هه‌موو جيهان بڵاو ببێته‌وه".
ژنێكى به‌شداربووى فێستیڤاڵەکە به ناوى نوريا عیسمه‌ت بۆ ئاژانسى ئانادۆلو باسى له‌وه‌كرد كه بە بەشدارییکردنی له‌م فێستيڤاڵه‌دا هه‌ستێكى زۆر خۆشی هه‌یه و ده‌روونى ئارام بووه‌ته‌وه، راشیگه‌یاند: "كه قورئانخوێنهكانم بينى زۆر دڵخۆش بووم، چونكه جياوازه له سۆشيال ميديا گوێ له ده‌نگیان بگریت وه‌ك له‌وه‌ی راسته‌وخۆ بیانبینی، خۆم و منداڵه‌كه‌م هاتین وه‌كو دەربڕینی خۆشەویستی بۆ خودا و پێغه‌مبه‌رى خوا".
له سێيهمين فێستيڤاڵى نێوده‌وڵه‌تىی دهۆك بۆ قۆرئانى پيرۆز كه ئه‌م شه‌و له شارى دهۆك به‌رێوه‌چوو، له عێراقه‌وه قورئانخوێن محه‌مه‌د رياز ئهلجبورى و له توركياوه قورئان خوێن محه‌مه‌د جه‌مال، له ئێرانه‌وه فوئاد مه‌وله‌وى، له هه‌ولێره‌وه سه‌نگه‌ر عه‌بدولقادر حه‌مه‌د ئه‌مين و له دهۆكيش سوفيان عه‌بدولقادر بوتى، ئه‌حمه‌د عوبێد محه‌مه‌د سالح، به خوێندنه‌وه‌ى چه‌ند ئايه‌تێك به‌شداربوون.
رێكخه‌رى سێيهمين فيستيڤاڵى نێوده‌وڵه‌تىی دهۆک بۆ قۆرئان، به‌يار دوسكى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو ئاماژه به‌وه‌كرد كه خه‌ڵكێكى زۆر به‌شدارييان له فێستهڤاڵهكهدا كردووه كه زياتر له هه‌زار كه‌س بوون و باسی له‌وه‌كرد ویستوویانه په‌يوه‌ندييه‌ک دروست بكه‌ن له نێوان قورئانخوێنانى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و قورئانخوێنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
راشیگه‌یاند: ""ئه‌مه بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رفه‌تێك بۆ قورئان خوێنه‌كانى ناوخۆش دروست بێت به‌شدار بن له فێستيڤاڵه نێودهوڵهتىيهكان و بۆيان ئاشكرا بكه‌ين كه گه‌نجى به توانا‌مان هه‌يه له خوێندنه‌وه‌ى قورئاندا و ويستوومانه ئه‌و ئه‌زموونه‌ى خوێندنه‌وه‌ى قورئان كه له وڵاتى توركيا هه‌يه بهێنينه هه‌رێمى كوردستانيش و عێراقيش چونكه رێگايەكى نوێ خوێندنه‌وه‌ى قورئانه".