Heman Hussein Yaseen
26 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2023
هەولێر - AA هێمن حوسێن
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما بە تایبەت دوای یەکەم بارانبارین، خواست لەسەر خواردنی گۆشتی قەل و قاز زیاد دەبێت و هاووڵاتییان بە مەبەستی کڕینیان سەردانی بازاڕەکانی پەلەوەرفرۆشان دەکەن.
بازاڕی پەلەوەرفرۆشان لە گەڕەکی سەیداوە سەنتەری شاری هەولێر لە کۆنەوە مامەڵەی جۆرەها پەلەوەری تیادا دەکرێت لەنێویشاندا قاز و قەل (عەلیشیش) و لە رۆژانی هەینی و رۆژەکانی پشوودا، ئەم بازاڕەی جمەی دێت لە هاووڵاتییان.
بەشێکی زۆری قاز و قەلەکانی ئەم بازاڕە بەخێوکراوی لادێکانی هەرێمی کوردستانن، ئەمەش وایکردووە کە بەھۆی خۆشی تامەکەیەوە کڕیاریان زیاتر بێت.
پەلەوەرفرۆش لوقمان عەزیز کە ماوەیەکی درێژە لەو بازاڕە کاری کڕین و فرۆشتنی پەلەوەر بەتایبەت قەل و قاز دەکات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێستا بازاڕی قازە لە مانگی کانوونی یەکەم تا مانگی ئادار، بەهۆی کەشی سەرماوە هاووڵاتییان بە مەبەستی کڕینی قاز و قەل روو لە بازاڕی پەلەوەرفرۆشان دەکەن و لە رۆژانی هەینی و رۆژەکانی پشوودا، ئەم بازاڕە جمەی دێت لە خەڵک".
لوقمان عەزیز لەبارەی جۆر و نرخی قاز لە ئەمساڵدا، گوتی: "چەند جۆرێک قاز هەیە، قازی بیانی هەیە کە ئەو جۆرەیان بەهۆی گرانی نرخەکەیەوە کەمتر دێتە بازاڕ، قازی بولغاری هەیە کە جووتی بە ٧٠ هەزار دینارە و ساڵانە ١٠٠ هێلکە دەکات، هەروەها قازی خۆمانە هەیە کە نرخی یەک کیلۆی لە ١٠ بۆ ١٢ هەزار دینارە و کێشی پێنج کیلۆیە".
لوقمان عەزیز گوتیشی: "قازەکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و هەندێک ناوچەی عێراقیش بۆمان دێن، بە گشتی رۆژانە نزیکەی ٥٠ قازمان بۆ دێن، بڕیاریشە رۆژی سێشەممە ١٥٠ قازمان بۆ بێت، بەڵام بەگشتی بەتامترین قاز ئەو قازانەن کە لە گوندی سماقولیی سەربە قەزای کۆیە بۆمان دێن، ئەوان تامێکی خۆشیان هەیە، هەروەها ئەو قازانەی لە قەزای بەردەڕەشەوە بۆمان دێن ئەوانیش تامییان خۆشە".
لەبارەی جیاوازی نرخی قازەکان، لوقمان عەزیز گوتی: "پارساڵ قازێکی چوار کیلۆیی بە ٣٠ هەزار دینار بوو، ئەمساڵ هەمان ئەو قازە لە ٤٠ هەزار دینار کەمتر نییە، هۆکارەکەیشی خواستی زۆری هاووڵاتییانە لەسەر خواردنی گۆشتی قاز، چونکە لەم وەرزدا خواردنی گۆشتی قاز تامێکی جیاوازی هەیە".
قازەکان دوای کێشکردنیان ئینجا سەر دەبڕدرێن و خاوێن دەکرێن، دواتر پارچە پارچە دەکرێن و لەناو نایلۆن دەکرێن ئینجا دەدرێتەوە بە خاوەنەکەی، هەندێک لە هاووڵاتییانیش هەر بە زیندوویی دەیبەنەوە و لە ماڵەوە کاری سەربڕین و چاککردنی بۆ دەکەن.
یەکێک لەو هاووڵاتییانەی کە سەردانی بازاڕەکەی کردووە و قەل و قازی کڕیووە بۆ ئەوەی سفرەی ماڵەوەی پێ بڕازێنێتەوە، ئەو لە قەزای ئاکرێ سەربە پارێزگای دهۆکەوە هاتووە و ئاماژە بەوە دەکات کە خواردنی قەل و قاز لەم وەرزەدا تایبەتمەندی خۆی هەیە.
هاووڵاتیی نزار ئاکرەیی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ بە مەبەستی کڕینی قەل و قاز لە قەزای ئاکرێ-وە هاتووم سەردانی ئەو بازاڕەم کردووە، بێگومان لە وەرزی سەرمادا هەموو خەڵک خواستی لەسەر قاز و قەل هەیە، من زۆرجار سەردانی ئەو بازاڕە دەکەم و قەل و قاز دەکڕم و لەگەڵ خۆم دەیبەمەوە، ئەمەش تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە ئەم جۆرە پەلەوەرانە تامیان خۆشترە لەم وەرزەدا".
هاووڵاتی شوان یونس چەند دانە قازێکی کڕیووە و لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا دایناوە، ئەو لە گوندی پیرڕەشی سنووری ناحیەی کەسنەزانەوە هاتووە و ئاماژە بەوە دەکات کە لە وەرزەکانی دیکە مریشکی خۆمانە و لە وەرزی سەرماشدا قاز خۆشە.
شوان یونس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێستا وەرزەکە وەرزی قاز و قەلە، ئێمە لە گوندی پیرڕەشەوە هاتین قاز و کەڵەشێرمان کڕی، بێگومان وەرزەکانی دیکە مریشکی خۆمانە و جۆرەکانی دیکەی پەلەوەر دەخورێت، بەڵام لەم وەرزەدا، خواردنی گۆشتی قاز شتێکی جیاوازە و سفرەکانیشمان دەڕازێنێتەوە".