Rawan Subhi Obaidullah
26 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2023
دهۆك - AA
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، چیا ئەمین رایگەیاند: "ئەمساڵ ویستمان بەشێوەیەکی جیاواز پێشوازی لە ساڵی نوێ بکەین، لیژنەیەکمان بۆ ئاھەنگی سەری ساڵی نوێ پێک ھێناوە و ھەموو شەقامە سەرەکییەکانمان رازاندووتەوە و شەوانەش لە پردی دەلال ئاھەنگ دەگێڕدرێت کە رۆژی ٢٥ ئەم مانگە دەستی پێ کردووە و تاوەکو ٣١/١٢/٢٠٢٢ بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکەین تەنھا لەم حەوت رۆژەدا، ٥٠ ھەزار گەشتیار روو لە شاری زاخۆ بکەن".
چیا ئەمین لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە کرد کە ئەمساڵ زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی زاخۆیان کردووە و پلانیان ئەوەیە بۆ ساڵی داھاتوو ژمارەکە بگەیننە نیو ملیۆن گەشتیار.
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە دەڤەری بادینان ناوچەیەکی دڵڕفێنی جوانە لەڕووی گەشتیارییەوە، جیا لەوەی خاوەنی پێگەیەکی مێژوویی و خاوەنی چەندین شوێنەواری دێرینی گرنگی ناوچەکە و کوردستانە وەک؛ پردی دەلال، گەلی زاخۆ، گەلی قوباد پاشا و شوێنەواری کێستە و لە بواری ھونەری میوزیک و گۆرانییشەوە، دەڤەرێکی پڕە لە ھونەری رەسەن و خاوەنی چەندین ھونەرمەندی بەتواناو دەنگخۆشە، زاخۆ بە کانگای ھونەر و ھونەرمەندان ناسراوە، ھەرکاتێک ناوی زاخۆ دێتە سەرزاران دوو ھونەرمەندی دەنگخۆشیی ئەو شارە لە پاڵ ناوی زاخۆدا ناو و ھونەرەکەیان دێتە بیر، ئەو دووھونەرمەندەش؛ ئەیاز و ئەردەوان زاخۆیی-ن.
بەڕێوەبەری ھونەریی و رۆشنبیریی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دلخاز موسا لە لێداونێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شاری زاخۆ بە ھونەر ناوبانگە و حەزی لە ھونەرە، بەرنامەمان داناوە ٢٥ مانگ تاوەکو ٣١/١٢/٢٠٢٢ شەوانە لە کاتژمێر حەوتی شەو تاوەکو١٠ی شەو لە گۆڕەپانی پردی دەلال لە زاخۆ ئاھەنگی ھونەرییمان ھەبێت و سێ تیپی ھونەریشمان بانگێشت کردووە کە بەشداربن لە گەڵمان و ٢٤ ھونەرمەندی ناوخۆیی لەگەڵ گرووپێکی ٢٦ کەسی لە میوزیکژەنەکان بەشدارن".
مورسی مەھدی وەکو گەنجێکی بەشداربووی ئاھەنگەکانی سەڕی ساڵ لە زاخۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دا کە زۆربەی خەڵکی زاخۆ ھونەردۆستن و گوتی: "ئەمە یەکەمین جارە بەم شێوەیە دەبینم کە ئاھەنگ بەبۆنەی سەری ساڵ لە زاخۆ ساز دەکرێت، شتێکی جوانم بینی کە ژمارەیەکی زۆری خێزانەکان بەشداری لە ئاھەنگەکە دەکەن و ھیواخوازین ئەم جۆرە چالاکییانە بەردەوام بن".
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ٢٨ی تەمووزی ٢٠٢١ بڕیاری دا قەزای زاخۆ ببێتە ئیدارەیەکی سەربەخۆ، زاخۆ دەکەوێتە باکووری پارێزگای دھۆک و لە ساڵی ١٨٦٤ بووەتە قەزا، رووبەرەکەی ھەزار و ٢٠٩ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار کەسە، جگە لەو ژمارەیە ٩٠ ھەزار ئاوارە و پەنابەری لێ دەژیت، قەزای زاخۆ لە سێ ناحیە و ١٨٧ گوند پێکدێت.