Heman Hussein Yaseen
06 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2023
هەولێر - AA
ماڵی تورکمانیی سەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەری تورکمان، بەھاوبەشی لەگەڵ زانکۆی جیھان، فیستیڤاڵی بەھاری خۆشەویستی-یان لەسەر قەڵای ھەولێر ئەنجامدا.
فیستیڤاڵەکە لەچەندین بڕگەی جیاواز پێکھاتبوو لەوانە، کردنەوەی پێشانگای تابلۆی دەستکرد، نمایشکردنی کەلوپەلی کەلەپووری و کاری دەستکرد و چەندین بابەتی دیکە کە گوزارشت بوو لە زیندووکردنەوەی کەلەپوور و مێژوو.
بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبری و ھونەری تورکمان، گەیلان ئاڵتی بەرماغ لەبارەی فیستیڤاڵەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەموو ساڵێک ئەم فیستیڤاڵە بەڕێوەدەچێت کە تیاییدا هەر سێ پێکهاتەی کورد، تورکمان و سریانی بەشداری تیادا دەکەن و کولتوورە جیاوازەکان نمایش دەکرێت و گۆرانی و میوزیکی هەر سێ پێکهاتە لە فیستیڤاڵەکەدا هەیە و ئەمەش کاریگەری لەسەر پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی هەیە''.
گەیلان ئاڵتی بەرماغ گوتیشی: "ئامانج لەم کار و چالاکییە ئەوەیە کە ئێمە پەیوەندییەکانمان دووپاتدەکەینەوە و یەکترمان خۆش دەوێت و شارەزای کولتوور و زمان و داب و نەریتی یەکتردەبین و لە وەرزی بەهاران فیستیڤاڵەکە ئەنجام دەدەین کە بێگومان کاریگەری زۆرە لەسەر پێکەوەژیان و پتەوترکردنی پەیوەندییەکان و هەولێر دەبێتە نموونەیەک بۆ شارەکانی دیکە کە ئەم شێوە پێکەوەژیانە هەیە''.
بە گشتی لە ئەدەب و شیکردنەوە جیاجیاکانی جیھاندا، وەرزی بەھار زیاتر وەکو وەرزێکی سروشتی باسی لێکراوە و زۆرجاریش شاعیران و نووسەران لە دیدێکی سرووشتەوە سەرنجی وەرزی بەھاریان داوە و گرێیانداوە بە خۆشەویستی و گەشت و سەیران، هەر بۆیەش بەشێکی زۆر لە فیستیڤاڵ و چالاکییەکانی بەهار، بە جلوبەرگی رەنگاورەنگ رازاوەتەوە.