Heman Hussein Yaseen
20 ئادار 2024•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2024
ھەولێر - AA
لە ڕێوڕەسمێکدا مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای ھەولێر لەسەر دەستی لاوانی شارەکە کرایەوە.
وەک نەریتێکی ساڵانە ژمارەیەک گەنجی شارەکە بە لەبەرکردنی جلی نەریتی و بەدەم هەڵکردنی ئاگرەوە، بە پێ بەرەو قەڵا سەرکەوتن. هەڵکردنی ئاگری نەورۆز هاوکات بوو لەگەڵ بەربانگی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و بۆیەش تۆپی سەر قەڵا کە وەک ئاماژەیەکە بۆ بانگدان، تەقێندرا و ئەمەش دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی بە ڕێوڕەسمەکە بەخشی.
جگە لە قەڵای ھەولێر لە چەند شوێنێکی دیکەش ھاووڵاتییان بە جۆش و خرۆشەوە ئاھەنگیان ساز کرد و ئاگریان کردەوە.
پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لەسەر قەڵای هەولێر وێرای پیرۆزباییکردن لە هاووڵاتییان، گوتی "ئەمساڵ لە کاتێکدا مەشخەڵی نەورۆز لەسەر قەڵای هەولێر ئەنجام دەدەین لەناو مانگی پیرۆزی ڕەمەزانداین بۆیە بەشێک لە بڕگەی چالاکییەکانی دیکە ئەنجام نەدرا".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو سوپاسی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "دەزانین فەرمانبەران لەدۆخێکی خراپی ئابوورییدان بەهۆی ئەوەی حکوومەتی بەغدا مووچەی نەناردووە بەڵام فەرمانبەران بە سینگێکی فراوانەوە ڕۆژانە کارەکانییان ئەنجام دەدەن".
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "هەرێم و حکوومەتی هەرێم و دامەزراوە فەرمییەکان ڕووبەڕووی هەموو ئەو هەوڵانە دەبنەوە کە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە، هەرێم بە بڕیاری هیچ دادگا و کەس و لایەنێک دروست نەبووە، بەڵکو بە خوێنی شەهیدان بووەتە ئەو ئەمری واقعە کە لە دەستووری عێراقدا دانی پێدانراوە".
نەورۆز لە ڕۆژژمێری کوردییدا بە یەکەم ڕۆژی ساڵ دادەنرێت و زۆرێک لە نەتەوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەم ڕۆژە بە ڕۆژێکی پیرۆز دەزانن.
کوردەکان لە سەرانسەری جیھان ڕۆژی نەورۆز پیرۆزبایی لەیەکتر دەکەن و لە شوێنە بەرزەکان ئاگر دەکرێتەوە و شایی ھەڵپەڕکێ ئەنجام دەدرێت.