Heman Hussein Yaseen
15 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2020
ههولێر - AA
لەگەڵ بەردەوامی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لەناو شارەکانی ھەولێر و سلێمانی، بەڵام عەلوەکان کراوەن و خەڵک دەتوانێت پێداویستییەکانی دەست بکەوێت، ھاوکات نرخی سەوزە و میوە بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو دابەزیووە و تیمەکانی چاودێری بازرگانیش بەردەوام چاودێری بازاڕ دەکەن.
لەمیانی جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە سەنتەری شارەکانی ھەولێر و سلێمانی، جادە و شەقامەکان چۆڵن و ھاووڵاتییان لە ماڵەکانی خۆیانن، بازاڕ و مۆڵ و شوێنە گشتییەکان تەواو داخراون و ھێزە ئەمنییەکان بەتەواوی شاردا بڵاوەیان پێکراوە.
دوێنێ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند کە عەلوەکان بەردەوام کراوە دەبن و داناخرێن.
ھەر دوێنێ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم رایگەیاند کە ھاوردەکردنی خۆراک لە سنوورەکان بەردەوامە و دڵنیایی دا بە ھاووڵاتییان کە کێشەی کەمی خۆراک دروست نابێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ، به مهبهستی بهرهنگاربوونهوی جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) لە بەرەبەیانی ١٤ی ئاداری ٢٠٢٠ و بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر، قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە سەنتەری ھەردوو پارێزگای ھەولێر و سلێمانی راگەیەندرا و تا ئێستاش بەردەوامە.