Heman Hussein Yaseen
05 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2020
هەولێر - AA
لە درێژەی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قایمقامییەتی هەولێر بڕیاریداوە رۆژانی هەینی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل دابخرێت.
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە درێژەی رێکارە تەندوستییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیارمانداوە رۆژانی هەینی سەرجەم پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە سنووری پارێزگای هەولێر دابخرێت، ئەمەش لەبەر بەرژەوەندی گشتی و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییانە".
لەبارەی ماوەی کارپێکردنی بڕیارەکەش، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "بڕیارەکە لە بەیانییەوە دەچێتە واری جێبەجێکردن و تا ٢٠٢٠/٤/١ کاری پێدەکرێت و دواتریش بەپێی بارودۆخی تەندروستی بڕیار دەدەین".
نەبەز عەبدولحەمید داوای لە هاووڵاتییان کرد بۆ خۆپارێزی و بۆ بەرژەوەندی گشتی پابەندی ئەم بڕیارە بن، بە پێچەوانەوە هەر کەسێک سەرپێچی ئەم بڕیارە بکات، لە لایەن تیمی قایمقامییەتەکانی سنوری پارێزگای هەولێر دووچاری ڕێکاری یاسایی و (غەرامە) دەبنەوە.