Nazlı Yüzbaşıoğlu,Dildar Baykan
19 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2018
ئه‌نقه‌ره - AA
گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا، ئیبراهیم كاڵن، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه له‌م دووایانه‌دا دانوستانی چڕكراوه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا له‌باره‌ی منبج و، گوتی: "گه‌یشتین به رێككه‌وتنێكی گشتیی. ئێستا چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرێت ئه‌وا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا رووبه‌ڕوو نابینه‌وه".
كاڵن، له كه‌ناڵی Al Jazeera English باسی له پێشهاته‌كانی عه‌فرین كرد.
له وه‌ڵامی پرسیاره‌كان له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئایا توركیا چۆن رێگایه‌ك په‌یڕه‌و ده‌كات به‌ئاڕاسته‌ی منبج و، له‌و باره‌یه‌شه‌وه گفتوگۆكانتان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا له چ قۆناغێكدایه؟ كاڵن گوتی: "هه‌موو شتێكمان له دانوستانه‌كاندا باس كرد كه پێویسته له منبج بكرێت. به‌درێژایی دوو ساڵی رابردوو له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ئیداره‌كه‌ی ئه‌مریكادا، هه‌م ئۆباما هه‌میش ئیداره‌ی تره‌مپ، گفتوگۆ ده‌كه‌ین سه‌باره‌ت به ده‌ركردنی ئه‌ندامانی په‌یه‌ده/یه‌په‌گه، تیرۆریستان له منبج. چونكه منبج شارێكی عه‌ره‌به كه كوردێكی زۆر كه‌م تیایدا نیشته‌جێیه. ئه‌و بابه‌ته په‌یوه‌ندی به كورده‌كانه‌وه نییه، په‌یوه‌ندی به ئه‌ندامانی تیرۆریستیی په‌یه‌ده/یه‌په‌گه‌وه هه‌یه بۆ ده‌ركردنیان له منبج و كشانه‌وه‌یان بۆ خۆرهه‌ڵاتی فورات".
كاڵن باسی له‌وه كرد كه ماوه‌یه‌كی زۆره ئه‌و رێككه‌وتنه له‌سه‌ر مێزه و، ماوه‌ی سێ هه‌فته‌ی رابردووه دیدارێكی چڕ له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، رێكس تیله‌رسن كه هێشتا له‌سه‌ر كاره، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریكا، جه‌نه‌راڵ رایمۆند ماكماسته‌ر و به‌رپرسانی دیكه‌ی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌چووه و، گوتی: "گه‌یشتین به رێككه‌وتنێكی گشتیی. ئێستا چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرێت ئه‌وا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا رووبه‌ڕوو نابینه‌وه. ئێستا وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مریكییه‌كان باس له ته‌واوبوونی ئۆپه‌راسیۆنی ره‌ققه ده‌كه‌ن، چاوه‌ڕوانی كشانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه ده‌كه‌ین له ناوچه‌كه".
له‌باره‌ی گۆڕینی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه چۆن ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی توركیا-ئه‌مریكا، كاڵن گوتی: "به‌رده‌وامی كاره‌كانی ده‌وڵه‌ت بنه‌مایه. وه‌زیر و به‌رپرسه‌كان ده‌گۆڕێن، به‌ڵام چاوه‌ڕوانده‌كرێت سیاسه‌ته هه‌ستیاره‌كان وه‌ك خۆیان بمێنن. ئومێده‌وارین ئه‌و رێككه‌وتنانه درێژه‌ی هه‌بێت كه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكای هاوتاماندا پێیگه‌یشتووین".