Sinan Balcıkoca,Sergen Sezgin
17 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2022
بورسا - AA
لە گەڕەکی کارائۆغڵان لە شارۆچکەی مستەفا کەمال پاشا سەربە پارێزگای بورسا، نزیکەی ٦٥٠ ساڵە کولتووری بەخێوکردنی گامێش هەیە و تا ئێستاش هەوڵی پاراستنی ئەو کولتوورە دەدرێت.
گامێشەکان لە بەهارەوە تا پایز لە کەناری چەمی کیرماستی، بەخێودەکرێن و نابرێنە ناو تەویلەوە.
گۆشت و بەرهەمەکانی شیری گامێش، لەم شارۆچکەیەوە هەناردەی هەموو شارەکانی تورکیا دەکرێت، بەشێک لە دانیشتوانی شارۆچکەکە نەوە لە دوای نەوە کولتووری بەخێوکردنی گامێشیان بۆ ماوەتەوە و هەوڵدەدەن ئەم کولتوورە بۆ نەوەکانی دوای خۆشیان بگوازنەوە.

موختاری گەڕەکی کارائۆغڵان، ئەرگون کیسا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە چەندین سەدەیە لە گەڕەکەکەیاندا گامێش بەخێو دەکرێت و رایگەیاند: "لەم گەڕەکەدا نزیکەی ٤٠٠ ماڵ هەن، لە رابردوودا نزیکەی سەدا ٨٠یان گامێشیان هەبوو بەڵام لە ئێستادا لە سەدا ٢٥یان گامێشیان هەیە. ئامانجمانە ئەم رێژەیە زیاتر بکەین. لێرە هەزار و ٧٠٠ گامێش هەن، نزیکەی ١٠ ساڵ بەر لە ئێستا ئەم ژمارەیە لە نێوان پێنج بۆ شەش هەزار گامێش بوو. ئێمە بە هەموو توانامانەوە هەوڵی زیادکردنی ژمارەی گامێشەکان دەدەین و چاوەڕێی هاوکاریش لە دەوڵەت دەکەین".
ئەرگون کیسا، ئاماژەی بەوەشدا کە لە گەڕەکەکەیاندا گامێشی ئانادۆڵو، بەخێودەکرێت کە رەچەڵەکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچەیە و گوتیشی: "بەخێوکردنی گامێشەکان بە شێوەیەکی سەد لە سەد سرووشتی ئەنجام دەدرێت و گامێشەکان لە گژوگیا و سەوزایی ناو کێڵگە و کەنار چەمەکە دەخۆن. شوانەکانیش بەباشی ئاگایان لێیانە. گامێشەکانمان رەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ ئانادۆڵو و لە دەرەوە نەهێندراون. هەوڵ دەدەین پارێزگاری لە مانەوەی ئەم رەچەڵەکەی گامێش بکەین".

یەکێک لە دانیشتوانی گەڕەکەکە بە ناوی مەهمەت ئایدن کە تەمەنی ٧١ ساڵە، لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کرد کە بەخێوکردنی گامێشی لە باوباپیرانییەوە بۆی ماوەتەوە و گوتی: "ئەو گامێشانەی شیریان هەیە لە هاویندا دەیانهێنینەوە بۆ ماڵەوە و دەیاندۆشین. ئەو گامێشانەشی شیریان نییە، تا بارینی بەفر لە کێڵگەکاندا دەمێننەوە. خواستێکی زۆر لەسەر گۆشت و شیری گامێش هەیە. دەگوترێت کە بۆ چەندین نەخۆشیش بەسوودە".
