Zana Natık Kerem
11 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2023
ھەولێر – AA
کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، ھەڕەشەی ھێرشکردنە سەر ئەمریکا لە عێراق دەکات، ئەگەر واشنتۆن دەستوەردان لە شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلدا بکات.
ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، ئەبو حوسێن حەمیداوی ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ڕەوشی ئێستای کەرتی غەززە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ھاتووە: "ئەگەر واشنتۆن دەستوەردان لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا بکات، ئەوا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە دەکەینە ئامانج".
ئەبو حوسێن حەمیداوی ڕاشیگەیاندووە: "لە ئەگەری دەستێوەردانی واشنتۆن لە شەڕەکەدا، ئەوا ھێزەکانمان لەو پەڕی ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی گورزی گەورە لە بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە بوەشێنن و بەرژەوەندییەکانیان بکەنە ئامانج".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەوەیش ھاتووە: "ھەروەھا ئەگەر پێویست بکات، ئەوە پێگەکانی قەوارەی زایۆنی و ئەو لایەنانەی کە پاڵپشتی لێ دەکەن، دەکەینە ئامانج".