Azad Mohammed Abdullah
28 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2019
دهۆک - AA
راوێژکارى تایبەتى میر تەحسین میرى ئێزدییان، کەریم سلێمان هەواڵى کۆچى دوایی میرى ئێزدییان لە هەرێمى کوردستان، عێراق و هەموو جیهان بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند "بە هۆى وەستانى گورچیلەکانى ئەمڕۆ میرى ئێزدییان لە نەخۆشخانەى KRH لە ئەڵمانیا دڵى لە لێدان وەستا و کۆچى دوایی کرد".
کەریم سلێمان بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "دواى دوو رۆژ مانەوە لە ئەڵمانیا تەرمى میر تەحسین سەعید بەگ میرى ئێزدییان دەگەڕێتەوە هەرێمى کوردستان، دوو شوێنمان بۆ بە خاکسپاردنى دەستنیشانکردووە یەکەمیان پەرستگەى لالش و دووەمیان گۆڕستانى قەزاى شێخان، بەڕێوەچوونى پرسە لە ئەڵمانیا و لە هەرێمى کوردستان دەبێت".
میر تەحسین کوڕى سەعید بەگ کوڕى عەلى بەگ کوڕى حسێن بەگە و لە ساڵى ١٩٣٣ لە ناحیەى باعەدرێى (ئەو کاتە گوند بووە) سەربە قەزاى شێخان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک لە دایکبووە، دوای کۆچى دوایی باوکى لە ساڵى ١٩٤٤ کە ئەو کاتە تەمەنى میر تەحسین تەنها ١١ ساڵ بووە لەسەر وەسیەتى "مایان خاتوون"ى دایکى میر تەحسین کرا بە میرى ئێزدییان لە هەرێمى کوردستان، عێراق و هەموو جیهان و دواى ٧٥ ساڵ مانەوە لە پۆستەکەى ئەمڕۆ کۆچى دوایی کرد.
کەریم سلێمان دەشڵێت "میر تەحسین پێنج برا و یەک خوشکى هەبوو، خوشک و براکانى لە ساڵانى رابردوو کۆچى دواییان کردووە، باوکى هەشت کوڕ و سێ کچ بووە".