Azad Mohammed Abdullah
05 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2019
دهۆک - AA
لەسەر وەسیەتى میر تەحسین خۆى، تەرمەکەى لەنێو باخچەى ماڵەکەى لە قەزاى شێخان بە خاکسپێردرا.
لە رێوەڕەسمەکەدا دەیان کەسایەتى موسڵمان و کریستییان هاوخەمى خۆیان بۆ ئێزدییانەکان نیشاندا و گیانى تەبایی و پێکەوە ژیانیان دووپاتکردەوە.
لە رێوەڕەسمى ناشتنى میرى ئێزدییانهەریەکە لە پارێزگارى دهۆک و پارێزگارى نەینەوا و نوێنەرى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و ژمارەیەکى زۆر لە کەسایەتى سیاسى و سەربازى و زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس لە هاووڵاتییانى ناوچەکە بەشداربوون.
راوێژکار و نوێنەرى بنەماڵەى میرى ئێزدییان کەریم سلێمان لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "لەسەر وەسیەتى جەنابى میر تەحسین تەرمەکەى لەنێو باخچەى ماڵەکەیدا بەخاکدەسپێردرا، ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ى بەیانى رێوەڕەسم دەستیپێکرد و کاتژمێر ١١ تەرمى میر تەحسین سەعید عەلى بەگ بە خاکسپێردرا".
کەریم سلێمان گوتیشى: "بە هۆى ئەوەى خەڵکێکى زۆر بەشدارى لە پرسەکەمان دەکەن، پرسەى میرى تەحسین سەعید عەلى بەگ بۆ ماوەى حەوت رۆژ لە هۆڵى قەزاى شێخان بەردەوام دەبێت".
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە لە ئایینى ئێزدی تەرمى میر بە چەند رستێکى تایبەتەوە دەخرێتە نێو گۆڕەوە و هەروەها ئاشکراى کرد کە درێژى تابووتەکەى میرى ئێزدیان دوو مەتر و ٨٠ سانتیمەتر و پانییەکەشى مەترێک دەبێت.
پێش ئەوەى بە خاکبسپێردرێت کاتژمێر ١٠ى بەیانى ژمارەیەک لە کەسایەتى ئایینى ئێزدى بە ژەنینى شمشاڵەوە دوو قەوڵى ئایینى ئێزدى بۆ بە خاکسپاردنى میر خوێندرا.
رۆژی ٢٨ى کانوونى دووەمى ٢٠١٩ میر تەحسین سەعید عەلى بەگ لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا بە هۆى نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.
دوێنێ دووشەممە چوارى شوبات تەرمى میر تەحسین لە رێگەى فڕۆکەیەکى تایبەتەوە گەیشتەوە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر و لە لایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە رێوەڕەسمێکى شایستەدا پێشوازى لە تەرمى میرى ئێزدییانى هەرێمى کوردستان و هەموو جیهان کرا.
میر تەحسین سەعید عەلی بەگ لە رۆژی ١٥ی ئابی ساڵی ١٩٣٣ لە ناوچەی باعەدرێ سەر بە قەزای شێخان لەدایکبووە. لە هاوینی ساڵی ١٩٤٤، کاتێك کە میر تەحسین بەگ تەمەنی نزیکەی 11 ساڵ بوو، بە هۆی کۆچی دوایی باوکییەوە لە لایەن دایەگەورەیەوە بۆ پۆستی میری کوردانی ئێزدی دەستنیشانکرا، لەو کاتەشەوە بۆ ماوەی ٧٥ ساڵ بووە میری ئێزدییانی کوردستان و جیهان.
تا تەمەنى میر تەحسین گەیشتە ١٨ ساڵ، مەیان خاتوونى دایکى هەڵدەستا بە راپەڕاندنى کارەکانى میر، دواتر خۆى کەوتە سەرپێ و دەستىکرد بە جێبەجێکردنى ئەرکەکانى وەک میرى ئێزدییان لە هەرێمى کوردستان و جیهان لە چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەى پێکهاتە ئایینییەکان بەشداربووە.
بەپێى بنەماکانی بیروباوەڕی ئێزدی، میرى ئێزدییەکان دەسەڵاتی دونیایی و ئایینی لەدەستە. لەڕووی ئایینیەوە، میری ئێزدییەکان سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزدییەکان دەکات.