واشنتۆن
وەزیری بەرگری ئەمریكا ئاشتۆن كارتەر گوتی: "بەرنامەی راھێنانی ھێزەكانی عێراق لە چوارچێوەی پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا بە ھۆی كەمبوونی ژمارەی بەشداربوان سست بووە و لە بەرنامەماندابوو كە تا وەرزی پاییز راھێنان بە ٢٤ ھەزار سەربازی عێراقی بكەین بەڵام تەنیا حەفت ھەزار سەربازی عێراق ئامادەبوون".
هەریەك لە وەزیری بەرگری ئەمریكا ئاشتۆن كارتەر و سوپاسالاری ئەمریكا مارتن دێمپسی لە میانی كۆبوونەوەی كۆمیتەی ھێزەكانی چەكداری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكادا لەسەر ستراتیجیەتی ئەمریكا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست گوتارێكیان پێشكەش كرد.
كارتەر گوتی: "بۆ لاواز كردن و لە ناوبردنی یەكجارەكی تیرۆریستانی داعش پێویستییمان بە كات ھەیە و لەو چوارچێوەیەدا ئەركی گرنگ دەكەوێتە سەر شانی خەڵكی سووریا و عێراق و ھاوكات پێویستیمان بە ھەوڵی بەردەوامی ئەمریكا و ھێزی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ھەیە".
كارتەر گوتی: "لە بەرنامەماندابوو كە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا تا وەرزی پاییز راھێنان بە ٢٤ ھەزار سەربازی عێراقی بكەین بەڵام تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر كەم سەربازی عێراقی ئامادەبوونی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە خولەكان دەربڕیوە، بۆیە بە ھۆی كەمبوونی ژمارەی ئەو كەسانەی كە ئامادە بەشداریكردن لە خولی مەشق و راھێنان بووەتە ھۆی سست بوونی بەڕێوەچوونی ئەو بەرنامەیە، با زۆر بە سادەیی ئاماژەی پێ بكەم كە سەربازی زۆر كۆ نەكرانەوە، سەرەتا بەرنامەمان ئەوە بوو كە لە نێو چوار وێستگەی جیاجیادا تا وەرزی پاییز راھێنان بە ٢٤ ھەزار سەرباز بكەین بەڵام تا ئێستا تەنیا حەفت ھەزار سەرباز ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە خولی مەشق و راھێنان دەربڕیوە".
كارتەر لە وەڵامی پرسیارێكی ئەندامانی كۆمیتەكە لە بارەی ناردنی ئەو ٤٥٠ سەربازە ئەمریكاییە بۆ ئەنبار و ئایا ناردنیان كەلێنێك پڕ دەكاتەوە یا نا گوتی: "ئەو ناوەندەی كە بڕیارە دابمەزرێت و ناوی ناوەندی تەقەدومە لە ناوەڕاستی شوێنی سوننەكاندایە بەڵام ژمارەی كارمەندانی ئەو ناوەندە وەك پێویست نییە، ئەو ناوەندە بۆ زیاتر كردنی رێژەی بەشداریكردنی سوننەكان لە خولی راھێنانەكاندا رۆلێكی یەكجار گرنگی دەبێت".
كارتەر لە بەردەوامی قسەكانیدا گوتی: "پێویستە لە عێراق حكوومەتێكی بنكەفراوان دابمەزرێت كە سوننە، كورد، شیعە و ھەموو پێكھاتەكانی دیكەی ئەو وڵاتە لە خۆ بگرێت، ھەر وەكو چۆن بە سەركردەكانی عێراقم گوتووە، ئەوا لێرەیش دووبارەی دەكەمەوە كە ئەمریكا ئامادەیە زیاتر ھاوكاری عێراق بكات بەڵام پێویستە لە ھەر كەسێك زیاتر لە حكوومەتی عێراق بەڵێن ببینین".
سوپاسالاری ئەمریكا مارتن دێمپسی گوتی: "ئەو ٤٥٠ سەربازە ئەمریكاییە كە رەوانەی پارێزگای ئەنبار دەكرێن بەشداری لە شەڕی مەیدانیدا ناكەن بەڵكو لە ناوەندی تەقەدومدا راھێنان و راوێژكاری بۆ سوپا و ھێزەكانی عێراق دەكەن و چەندە ئەو كەمپەینە سەركەوتوو بێت ئەوا لە داھاتووشدا ھێزەكانی عێراق ناوەندی زیاتر بۆ راھێنان دەكەنەوە".
دێمپسی گوتی: "پێویستە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا پشوو فراوان بین و نابێت لەو چوارچێوەیەدا ئەمریكا دەستبەرداری تواناكانی حكوومەتی عێراق بێت".
ئاشتۆن كارتەر لە بارەی پرسی راھێنانی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا گوتی: "ئێمە دەمانەوێت گۆڕانكارییەك ئەنجام بدرێت كە ئەسەد تێیادا نەبێت و ئەمەیش شتێكی ئاسان و ئاساییە چونكە ھێزی ئەسەد كەم بووەتەوە و ھێزەكانی ئەسەد رووبەڕووی زەرەر و زیانی زۆر گەورە بوونەوە و حاڵی حازر كێشە و گرفتی جیاجیایان ھەیە، سەرچاوەكانیان كۆتاییان پێ ھاتووە".
سوپاسالار مارتن دێمپسی گوتی: "ئەسەد وردە وردە ھێزی خۆی لەدەست داوە، لە چوارچێوەی دوایین سەردانم بۆ ناوچەكە ئەوەم بۆ دەركەوت كە لە داھاتوویەكی زۆر نزیكدا رژێم تەنیا بەرگری دەكات وچی دیكە ناتوانێت ھێرش ببات و خۆی لە چوارچێوەی پاراستنی عەلەوی، شیعە و چەند گرووپێكی دیكە بەرتەسك دەكاتەوە".
لە وەڵامی پرسیارێك لە بارەی بەرنامەی راھێنان و پڕچەككردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، كارتەر گوتی: "شوێن و جێگای پێویست بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە بۆ ئۆپۆزسیۆنی سووریا دابین كراوە بەڵام تا ئێستا ژمارەی پێویست بۆ بەشداریكردن لەو خولانە كۆ نەكراوەتەوە".
دێمپسی گوتی: "راھێنانی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە راھێنانی ھێزەكانی عێراقی سەختترە، بەڵام لەو چوارچێوەیەدا دۆزینەوەی ھاوبەشێكی متمانە پێكراو لە مەیدانەكاندا زۆرگرنگە. ئێمە گفتوگۆمان لە بارەی پێشكەش كردنی ھەر جۆرە ھاوكارییەك بۆ ئەو ھێزانە كردووە كە بەشداری لە خولەكانی راھێنان دەكەن بەڵام ھێشتا بڕیار لەسەر ئەوە نەدراوە كە ئایا ئەو ھێزانەی راھێنانیان بۆ دەكرێت لە كوێ بەجێ دەكرێن بۆیە لە بارەی پێشكەش كردنی ھاوكارییەكانیشەوە تا ئێستا نەگەیشتووینتە ئەنجام".