Heman Hussein Yaseen
22 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2023
هەولێر - AA
بەپێی بەرنامەی کاری پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣ کۆبوونەوەی پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەش دەنگدان دەبێت لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان.
بڕگەی دووەمیش خوێندنەوەی دووەم بۆ دوو پڕۆژەیاسا دەکرێت کە بریتیین لە؛ بەرکارکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر و پڕۆژەیاسای بەرکارکردن و ھەمواری پیادەکردنی یاسای کەرەنتینی کشتوکاڵی عێراقی.
ھاوکات دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە: "بەپێی حوکمی بڕگەی (چوارەم) لە ماددەی ٤٨ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاری دا بە زیادکردنی بڕگەیەک بە ریزبەندیی (سێیەم) بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە ٤ی رۆژی دووشەممە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣".
لە راگەیەندراوەکەدا لەبارەی زیادکردنی بڕگەیەک بۆ دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا هاتووە: "کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ ماوەی پێنج ساڵی رۆژمێریی کە دەست پێ دەکات لە رۆژی تەواوبوونی ماوەی یەکەمی لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ و دەنگدان لەسەر پاڵێوراوان بۆ ئەندامیەتیی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، بەپێی حوکمی خاڵی ١ی بڕگەی (یەکەم) لە ماددەی ٥ی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و راپرسی، ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٤".
زیادکردنی ئەم بڕگەیە لەکاتێکدایە کە دوێنێ یەکشەممە، کۆبوونەوەیەکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسیی بەڕێوەچوو بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن.
دوای کۆبوونەوەکەش، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە واژووی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، هێمن هەورامی و سکرتێری پەرلەمان، مونا قاوەچی لەسەرە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوکردەوە و تیایدا بڕگەیەک بۆ دانیشتنەکە زیادکرابوو کە بریتییە لە دەنگدان لەسەر کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و ئەمەش ناڕەزایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لێکەوتەوە.
هەر دوای بڵاوبوونەوەی بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و تیایدا نووسراوە: "بەداخەوە جارێکی تر پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەکارھێنانی نوێنەری بەناو پێکھاتەکان لە ھەنگاوێکی تاکلایەنەی نایاساییدا، بڕگەیەک بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣ زیاد دەکەن، ئەویش کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسیە و بۆیەش رایدەگەیەنین ئەم ھەنگاوە تەواو ناپەیڕەویە و پێچەوانەی ماددەی (٤٨ )ی بڕگەی (٤ )لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانە، لەبەر ئەوەی (٢٤) کاتژمێری تەواو بەرلە دانیشتنی پەرلەمان رانەگەیاندراوە".
تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە کە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان دەکەن یان نا، بەڵام هەموو هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن کە دانیشتنەکە بەڕێوەبچێت. لە ئێستادا ھەوڵەکان بە ئاراستەی توانەوەی بەستەڵەکی نێوان ئەو دوو حزبەن بۆ ئەوەی لە ١٨ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، پڕۆسەی ھەڵبژاردن بەڕێوەبچێت و لەماوەی رابردووشدا چەندین شاندی بیانی بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان سەردانی هەرێمی کوردستانییان کردووە و جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا کردووەتەوە.
ئەگەرچی ساڵی رابردوو بەھۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان ئەو دوو حزبە، نەتوانرا ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت و پەرلەمانی کوردستان تەمەنی خۆی بۆ کۆتایی ئەمساڵ درێژکردەوە و ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە و بەھۆیەوە تا ئێستا ھەریەک لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتوو بەتەواوی دەستیان لەکارکێشایەوە، ھاوکات چوار پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕانیش دەستیان لەکارکێشایەوە و فراکسیۆنی نەوەی نوێش بەشداری ھیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی کوردستانی نەکردووە.