Rewa Mahmood Hasan
21 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2020
سلێمانی - AA
دوای ئەوەی کە بەیانی ئەمڕۆ کارمەندانی بانکی خوێن لە سلێمانی بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکانییانەوە مانگرتنیان راگەیاندبوو، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی بەڵێنی گەیاندنی داواکارییەکان و جێبەجێکردنی پێدان و بەوهۆیەشەوە مانگرتنەکەیان کۆتایی پێ هێنا.
ئەمڕۆ ٢١ی حوزەیران، کارمەندانی بانکی خوێن لە سلێمانی لەسەرەتای دەستپێکی دەوامدا مانگرتنیان راگەیاندبوو، ئەوەیش بەهۆی پێ نەدانی مووچەکانیان.
دوای هاتنە سەر خەتی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی و پێدانی بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکارییەکان و گەیاندنیان بەلایەنی پەیوەندیدار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، بەڕێوەبەری بانکی خوین، کەلسوم رەسوڵ شکاندنی مانگرتنەکەی راگەیاند.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا بەڕێوەبەری بانکی خوێن لە سلێمانی، کەلسوم رەسوڵ گوتی: "کە بەیانی ئەمڕۆ هاتم، سەرجەم ژوور و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە داخرابوون، کاتێک لە هۆکارەکەیم پرسی، بۆم دەرکەوت مانگرتن راگەیەنراوە".
کەلسوم رەسوڵ هۆکاری مانگرتنی کارمەندانی بانکی خوێنی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لە هەموو روویەکەوە ئەوان رووبەڕووی مەترسی تووشبوون بە کۆرۆنا دەبنەوە، هاوکات مووچەی کارمەندەکانیشیان دواکەوتووە و گوتی: "ئەمڕۆ کارمەندەکانمان دوای ماوەیەکی زۆر لە کاری قورس. بەبێ ئەوەی لە هیچ کاتێکدا دەوامیان راگرتبێت بڕیاری بایکۆتکردنیان دا، چونکە کارمەندێک مووچەی نەبێت چۆن بێت بۆ دەوام، پێویستی بە هاتوچۆیە پێویستی بە نانخواردنە جگە لەو ماندوو بوونە بەردەوامەی کە لەسەرشانمانە، تا ئێستا هیچ لایەنێک دەستخۆشیەکیشیان بۆ نەکردووین".
بەڕێوەبەری بانکی خوێن لە سلێمانی ئاماژەی بەوەیش دا کە بۆ خوێن لە سلێمانی ٣٧ نەخۆشخانە پشت بە بانکی خوێن دەبەستن و بەبێ کاری کارمەندەکانی بانکی خوێن هیچ پزیشکێک ناتوانێت بڕواتە هۆڵی نەشتەرگەری و کاری هەموویان دەوەستێت.
کەلسوم رەسوڵ گوتیشی: "تووشبووانی کۆرۆنایش بە هەمان شێوە چاوەڕوانی ئێمەن دەکەن، چونکە پلازمای خوێن کە لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت بۆ تووشبووانی کۆرۆنا لای ئێمەوە دابین دەکرێت، ئەمڕۆ کارمەندەکانمان بۆ داواکردنی مافی خۆیان بایکۆتیان کردووە".
دواتر، بەڕێوەبەری هۆبەی تاقیگەکانی تەندروستیی سلێمانی، مازن عەبدولکەریم رایگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکی خوێن و نوێنەری سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کۆبوونەتەوە و گوتی: "دوای ئەوەی پاکێجێکی ١٠ خاڵیمان سەبارەت بە داواکارییەکانمان ئامادە کرد، کارمەندەکان بڕیاریان دا بچنەوە سەر کارەکانیان و دەوامی ئاساییان دەست پێ بکەنەوە".