Zana Natık Kerem
21 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ بەغدا لەگەڵ سەركردەی هاوپەیمانیی فەتح، هادی عامری كۆبوویەوە.
هاوپەیمانی فەتح راگەیەندراوێكی سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بڵاوكردەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە لە كۆبوونەوەكەدا، ژمارەیەك دۆسیەی گرنگ پەیوەست بە كاروباری عێراق تاوتوێ كراوە لەوانە، بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە دەركردنی هێزە بیانییەكان لە وڵات.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، جەخت كراوەتە لەسەر ئەوەی كە گرنگە هەڵوێستی هێزە سیاسییەكان بۆ بەرگریكردن و پاراستنی سەرەوەریی نیشتمانیی وڵات، یەكبخرێن.
باسی لەوەیش كردووە كە لە میانی كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا سەبارەت بە ژمارەیەك پڕۆژەیاسای گرنگ گفتوگۆیان كردووە لەوانە؛ یاسای هەڵبژاردنەكان و لەوبارەیەوە بە گرنگیان زانیوە كە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان بدرێت، بەو پێیەی فاكتەرێكی سەرەكییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
دوێنێ شەممە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێكی فەرمی گەیشتبووە بەغدا كە لە میانیدا لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتەكەی عێراق كۆبوویەوە.
ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە یەكەم سەردانی بۆ بەغدا دادەنرێت لەدوای دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق.
هەریەك لە جێگرانی سەرۆكی هەرێم، مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم، فەوزی هەریری یاوەری نێچیرڤان بارزانی دەكەن لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا.