Heman Hussein Yaseen
04 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
تەرمی ئەو پێشمەرگەیەی کە لە ئاکامی کردەوەیەکی تیرۆریستیی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە سنووری قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆک شەهید بوو، لە گۆڕستانێکی شاری هەولێر بەخاک سپێردرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، تەرمی هێرش جەوهەر، ئەو پێشمەرگەیەی کە لە کردەوە تیرۆریستییەکەی پەکەکەدا شەهیدبوو، و خەڵکی گوندی گەزنەییە، لە گۆڕستانی کارگەی قیڕ لە شاری هەولێر بەخاک سپێردرا.
جەوهەر محەمەد، باوکی ئەو پێشمەرگەیەی کە لە کردەوە تیرۆریستییەکەی ئەمڕۆ پەکەکەدا لە سنووری قەزای ئامێدی شەهید بوو، لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی کوڕەکەی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، کوڕەکەیان چەند رۆژێک پێش ئێستا بە ئەرکی سەربازیی چوونەتە ئەو ناوچەیە.
جەوهەر محەمەد لەبارەی کردنە ئامانجی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن تیرۆریستانی پەکەکەوە رایگەیاند، دوژمنانی گەلەکەمان هەمیشە لە دەرفەت دەگەڕێن و ئەمڕۆ ئەو هێزەی پێشمەرگەیان بە TNT کردووەتە ئامانج".
راشیگەیاند، "پەکەکە لە خاکی خۆمان هەڕەشە لە خەڵکی ئێمە دەکەن و دەست بۆ موڵک و ماڵمان دەبەن، ئەوانە خائین و دوژمنی کوردن".
باوکی هێرش جەوهەر دوای لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد چەکدارانی پەکەکە ریسوا بکەن چونکە زیان بە خەڵکی هەرێم دەگەینن.
گوتیشی: "هێرشی کوڕم خێزانداربوو، خاوەنی چوار منداڵە".
کاتژمير ١٠ی بەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە سنووری قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دھۆک پەلاماری ھێزەکانی پێشمەرگەیان دا و رووبەڕووبوونەوەی لەنێوانیاندا روویدا.