Cihan Demirci
06 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2021
ئەدیرنە- AA
بێگۆتا رۆدریگێس، ژینگەپارێزێکی ئیسپانییە و لە کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی تراکیا، مامۆستایە.
رۆدریگێس لەگەڵ دوو گوێدرێژ و پێنج سەگدا بەشداری ھەڵمەتی پاککردنەوەی رووباری مەریچی کرد کە لەلایەن خوێندکارانی زانکۆی ئەدیرنەوە رێکخرابوو.

ئاژەڵەکان بەدرێژایی ھەڵمەتەکە یاوەری خوێندکارەکانیان کرد.
بێگۆتا رۆدریگێس لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد زوو زوو لە ناو شاری ئەدیرنە ھەڵمەتی پاککردنەوەی ژینگە ئەنجامدەدەن.
ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد کە خوێندکارانی زانکۆ لە پرسی ژینگەدا ھەستیارن و رایگەیاند "پێویستە ئەو کەسانەی لە کۆتایی ھەفتەدا دێن بۆ سەیران، ھۆشداری ئەوەیان پێبدرێت کە لە کاتی رۆشتنەوەدا خۆڵ و خاشاكهكەشیان لەگەڵ خۆیان ببەن".

ناوبراو داواشی لە سەیرانکەران کرد پلاستیک بەکارنەھێنن و رایگەیاند: "پلاستیک لە سروشتدا شی نابێتەوە. ئەگەریش شی ببێتەوە ئەنجامێکی خراپ دەدات بەدەستەوە و لەڕێی تێکەڵبوونی بە خاک و ئاو دووبارە دەچێتە ناو خۆراکەکانمانەوە. ئەمەش دەبێتە ھۆی نەخۆشی بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ، منداڵانیش دووچاری گرفتی ھۆرمۆنی دەکات. بۆ رێگری کردن لەمە تکایە بەکارھێنانی پلاستیک کەم بکەنەوە".