Lale Köklü Karagöz
05 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2021
ھاتای – AA
ژنانی ھاتای بە تێکەڵکردنی شیرینی لەگەڵ تیژی بیبەری سامانداغ مرەبایەکی تایبەت دروست دەکەن و داواکارییەکی زۆر لەسەر مرەباکەیان ھەیە.
کۆمەڵەی ھاریکاری ژنانی سامانداغ کە سێ ساڵ لەمەوبەر لەسەر پێشنیاری شارەوانیی سامانداغ دامەزرێندرا، بە ھەر ٦٠ ئەندامەکەی کۆمەڵەکە ناویان خرایە لیستی "تۆڕی شارە داھێنەرەکان"ی یونسکۆ لە بواری خۆراکدا.
ژنانی ئەندام لەو کۆمەڵەیە کە بڕیاریان داوە تەواوی تاموچێژەکان تاقی بکەنەوە و بیخەنە بازاڕ، بۆ دروستکردنی مرەبا بە تامێکی نوێ لە شیرینی و تیژی بیبەری سامانداغ قۆڵیان لێ ھەڵماڵیووە.
سەرۆکی کۆمەڵەی ھاریکاری ژنانی سامانداغ، یەلیز بەیاز کاڵاجی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە کۆمەڵەکەیان بەمەبەستی ئەوە دامەزراندووە ژنان ببنە خاوەن کاری خۆیان و کاری زۆر جوانیشیان ئەنجام داوە.
کاڵاجی بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە ئەوەی بەرھەمی دەھێننن لە رێگای ئۆنلاینەوە بە سەرتاسەری تورکیا دەیفرۆشن، گوتی: "زۆرترین داواکاری لەسەر مرەبای بینەری سامانداغە. ئەم مرەبایە کە ھەردوو تامی شیرینی و تیژی لەخۆ دەگرێت داواکاری زۆری لەسەرە. چەندین ساڵ بوو ھەر مەعجومی بیبەر لەو جۆرە بیبەرە دروست دەکرا و بۆ چێشتەکان بەکار دەھات. بەڵام ئێمە لە ناو خۆمان داوای راوێژ و راگۆڕینەوە بڕیارمان دا مرەبای لێ دروست بکەین. ناومان لەو مرەبایە نا 'مرەبای عەشق'. چونکە لە راستیدا زۆر بە عەشق دەچێت. سەرەتا کە دەیخۆی تامی زۆر شیرین و خۆشە، دواتر تامی تیژ دەبێت و ماوەیەکی زۆر ئەو تیژایییە دەمێنێتەوە. لە شوێنی دیکەیش مرەبا بە بیبەر دروست کراوە بەڵام ھیچیان تامیان وەک ئەوە نییە".
کاڵاجی جەختی لەوەیش کردەوە کە بەھۆی داواکاری زۆر لە سەر ئەو بیبەرە لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە و پارێزگاکانی دەوروبەری وێرای ئەوەی ھەفتانە نزیکەی ٣٠٠ کیلۆگرام بیبەری سامانداغ دەکەنە مرەبا بەڵام بە زۆربەی داواکارییەکاندا راناگەن.