Mesut Varol
01 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2024
وان - AA
لە کاتێکدا لە لەوەڕگاکانی گوندەواری سەربە قەزای چاتاک گیا سەوز بووە و ئاژەڵەکان دەتوانن تیایدا بلەوەڕێن، لە دووری ١٦ کیلۆمەتر لەو ناوچەیەوە لە سەر ڕێگای باهچەسەرای چەند مەترێک بەفر لە زەویدایە.
وان کە ئەمساڵ زستان تیایدا زۆر سەخت بوو، لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما درەختەکان چرۆیان کردووە، لەوەڕگاکانیش سەوز بوون.
ئاژەڵەکان کە لە وەرزی زستاندا بۆ ماوەی چەند مانگێک لە گەوڕەکاندا بەخێوکران، لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا دەرکرانە دەرەوە و لە لەوەڕگەکاندا بەخێو دەکرێن.
لە کاتێکدا ناوچەکانی کەناری دەریاچەی وان و دوورگەی ئاکدەمار بە گوڵە ڕەنگاوڕەنگەکانی درەختی جوالە و گوڵی لالە ڕازاونەتەوە، لە هەندێک ناوچەی واندا هێشتا کەشوهەوای زستانەیە.
لە ناوچەی یوکاری نارڵجا لە قەزای باهچەسەرای ئاژەڵان براونەتە دەرەوە بۆ لەوەڕگەکان، بەڵام لە دووری ١٦ کیلۆمەتر لەو ناوچەیە تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر سەرقاڵی ڕاماڵینی بەفری سەر ڕێگاوبانەکانن.
سەرۆکی تیمی بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانەکانی ناوچەکە، مورات یوجەل لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە ئەمساڵ بەفرێکی زۆر لە ناوچەکەدا باریوە.
یوجەل ئاماژەی بەوە کرد کە ماوەیەک لەمەوبەر لە چەند ناوچەیەکی باهچەسەرای هەرەسی بەفر ڕوویداوە و گوتی: "هێشتا بەردەوامین لە ڕاماڵینی بەفری سەر ڕێگاوبانەکان. چەند شوێنێک هەن ئاستی بەفر تیایاندا ٦-٧ مەترە. تا کۆتایی مانگی ئایار بەردەوامین لە ڕاماڵینی بەفر. لێرە زستانە، بەڵام لە ١٦ کیلۆمەتر خواروتر ئاژەڵ لە لەوەڕگەکاندا دەلەوەڕن. لەوێ بەهار و لێرەش زستانە. سەرەڕای ئەو مەودا کورتە بەڵام دوو وەرز لە یەک کاتدا دەگوزەرێت".